پەڕەی سەرەكی

پلاتفۆڕمەكان

 



سوڵتان زویربوونەکەشی نیعمەتە بۆ ئیسرائیل!


ئەم هێڵەی دەیبینن هێڵی بۆڕی نەوتی باکۆ-تبلیسی-جەیهان ە کە لە ڕێگەیەوە ڕۆژانە سەدان هەزار بەرمیل نەوت بەڕێی بازاڕەکانی جیهان دەکرێت، لەسەردەمی حوکمڕانی ئەردۆگان لە ساڵی 2003 دەست بە درووستکردنی کرا. ئامانجی سەرەکی درووستکردنی هێڵەکە بەیەکەوەبەستنی وزەی وڵاتە تورکیک زمانەکانی جیهانە بۆ بەهێزکردن و داڕشتنی یەکێتییەکی هاوبەشی ئابوری لەنێوانی وڵاتە تورکیک زمانەکان و بەیەکەوەبەستنیان و گرێدانی بەرهەمەکانی خۆیان بە بازاڕەکانی جیهان. 


ئەم هێڵە گەورەترین خزمەت بە دەوڵەتی ئیسڕا-ئیل دەکات، بەوەی ڕۆژانە زیاتر لە 60% کۆی تەواوی پێویستی وزەی ئیسڕا-ئیل دابیندەکات. نزیکەی 40%ی پێویستی وزەی وڵاتەکە لەلایەن ئازەربایجانەوە دابیندەکرێت و  نزیکەی 20%یشی لەلایەن کازاخستانەوە دابیندەکرێت. نەوتی کازاخستان بە کەشتی بە دەریای قەزویندا دەهێندرێتە بەندەرەکانی ئازەربایجان و لەوێوە لەگەڵ نەوتی ئازەربایجان بە هێڵە بۆڕییەکەدا بەناو خاکی تورکیادا بەرەو بەندەری جەیهانی باکوری کوردستان دەنێدرێت، پاشان لەم بەندەرەوە بە کەشتی بەرەو بازاڕەکانی جیهان بەڕێ دەکرێت. لەئێستاشدا لەم دۆخە ناهەموارەی خەڵکی غەزە و شۆکبوونە گەورەیەی ئیسڕا-ئیل سوڵتانی مونافیقین بەردەوامە لە ناردنی وزەی پێویست بۆ ئیسڕا-ئیل و تەنانەت داواکەی ئێرانیشی بۆ وەستاندنی هەناردەی نەوتی ئازەربایجان و کازاخستان بۆ ئیسڕا-ئیل رەتکردەوە، کاتێکیش حسێن ئەمیری وەزیری دەرەوەی ئێران بە فەرمی داواکەی پێشکەشکرد، هاکان فیدان خۆی لەخەتی گێلیدا و بابەتەکەی گۆڕی! تەنها لە نۆ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا نزیکەی 14 ملیۆن بەرمیل نەوتی ئازەربایجان لەم بۆڕییەوە بە ئیسڕا-ئیل گەیەندراوە! 


رەجەب تەیب ئەردۆگانی سەرۆک کۆماری تورکیا لەسەر حەق و مافێکی تەواو ڕەوای وەکو سەربەخۆیی کوردستان دوور لە هەموو یاسا ئاسمانی و زەمینییەکان دەروازە سنورییەکانی بەڕووی هەرێمدا داخست و ئابڵوقەی برا موسڵمانە سوننەکانی خۆیدا کە زۆرترین پشتیوانی لەناویاندا هەیە! یان وەک دەبینین بۆ بەهێزکردنی پێگەی وڵاتەکەی خۆی بە پڕۆژەی بەنداوی گاپ ملیاران مەترسێجا ئاوی لەسەر دەیان ملیۆن برای موسڵمانی خۆی کەمکردۆتەوە. بەڵام هەتا ئەم ساتەش ئامادەنییە یەک قەترە نەوت لە ئیسڕا-ئیل ببڕێت و پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵیدا هەڵوەشێنێتەوە، کە تەنها قەبارەی پەیوەندییە بازرگانییەکانی تورکیا لەگەڵ ئیسڕا-ئیلدا زیاتر لە 9 ملیار دۆلاری ئەمریکی ساڵانە، لە ڕۆژی 21 ی ئەیلولی ئەمساڵیشدا ئەردۆگان ڕایگەیاند لەگەڵ ئیسڕا-ئیلدا زیاتر پەرە بە پەیوەندییە ئابورییەکەیان دەدەن و پێکەوە پڕۆژەی گەڕان بەدوای نەوت و هەڵکێشانی لەدەریای ناوەڕاستدا ئەنجامدەدەن! وە گووتیشی کە لە قەبارەی پەیوەندییە ئابورییەکەیان ڕازی نییە و دەبێت لەداهاتوودا بگەیندرێتە نزیکەی 15 ملیار دۆلاری ئەمریکی ساڵانە! 


با سوڵتانی مونافیقین زویرنەبێت و خەڵکی تێنەگەیشتوو حەزیەت نەدات و کۆیان نەکاتەوە فرمێسکی تیمساحی لەبەر چاویان بڕێژێت، بەڵکو با یەک تۆز موسڵمانانە ڕەفتار بکات نەک تورکانە و تەنها هەتا کۆتایی هاتنی جەنگەکە پەیوەندییە بازرگانییەکان و نەوت و وزە لەسەر ئیسڕا-ئیل ببڕێت بەشکم ئیفلیجی بکات و ناچار بە دانووستانی بکات. ئێمە زۆر دەمێکە باسی حەقیقەتی ئەم کەسە دەکەین بەڵام خودا نەکا کورد بە کەسێکەوە گرتی بە گەنج و مامۆستا و خاوەن دکتۆرا و ماستەرەوە دەبوونە دەستەی واعیزان و بەزۆری زۆرداری دەیانوویست عەمامەی سوڵتانی بەسەردا ساغ بکەنەوە و ئەویش باش حسابی بۆ کردن.


ڕەوا موسا 


ڕۆژێک لەخۆڵەمێشەکانەوە هەڵدەستینەوە....




تعليقات