پەڕەی سەرەكی

پلاتفۆڕمەكان

شاماران، خوداوەنی دانایی ژن و سەرداری ئەفسانەی کوردی

 



شاماران، سەرداری میتۆلۆژیای کوردی

خوداوەندی دانایی ژن و پارێزەری نهێنی لە ئەفسانەی کوردی.



گەلانی جیهان، هەریەک خاوەن مێژوو و چاند و فەرهەنگ و ئەفسانەی خۆیانن. نەتەوەی کورد وەک نەتەوەیەکی دێرینی جیهان بەدەرنیە لەم دەوڵەمەندیە. 

دێرینیەتی کورد وەک کۆنترین نەتەوە لەم ناوچەیەدا. هۆکارێک بووە بۆ سەرهەڵدانی دەیان ئەفسانە(میتۆلۆجیا) و داستانی قارەمانانە. خۆڕاگری و ئازایەتی نەتەوەی کورد لەبەرامبەر دوژمنان و جوگرافیا و کەشی سەختی کوردستان وای کردووە کە خۆڕاگریەکی بێ وێنە لە ئەنجامدا دروست ببێت.

خودی ئەم خۆڕاگریەش وای کردووە لە گێڕانەوەدا جۆرێک لە ئەفسانە دروست بکات لە مێشکی مرۆڤدا.

چیرۆک و ئەفسانەی کوردی دەما و دەم و نەوە بە نەوە  گێڕدراونەوەتەوە، هەر بۆیە ئەفسانەزانی کوردی هۆکارێک بوون بۆ ئاشنابوونی تاکی کورد لە مێژووی دێرینی نەتەوەکەی.


شای ماران یەکێک لە بڕبڕەکانی مێتۆلۆجیای کوردیە

دەوڵەمەندی و سەرنجڕاکێشی شاماران وای کردووە کە لە هەر ماڵێکی کوردەواری کۆن و نوێدا، له شێوازی تابلۆ و پەیکەری هونەری بوونی هەبێت.

لە دەف و دیوارە مێژووییە کۆنەکاندا شاماران خۆی هەڵکوڵیوە، تەنانەت لە هۆنراوە و مەقام و نامەی دڵداری و چیرۆک، شاماران بوونی خۆی هەیە ئەمەش هێمایە بۆ ئەوەی له نێو کلتوری کوردیدا هەمیشە زیندووە.


دەروێش عەبدوڵا دەڵێ


لە باغان دەستم برد بۆ بەی

باغەوان دەیفەرموو نەیکەی

مارانگازبووم ترسام لە حەی

چیبکەم جێگای شای مارانە


لە مێژوویەکی دووری کۆمەڵگەی کوردی، مار وەک شیفادەر و بوونەوەرێکی مەزن و پیرۆز تەماشا دەکرا.

کاریگەریەکانی ئەو کلتورە لەناو هەموو تاکێکی کوردیدا زیندووە. ئەوەش هۆکارێک بووە بۆ ئەوەی ڕێز لە بوونی مار بگیردێت و ئازار نەدرێت.

گەر گوندنیشنێک ڕۆژێک له ڕۆژان مارێکی بینیبێت و هەوڵیدابێت بیکوژێت، ئەوا لەلایەن باوانیەوە ئامۆژگاری کراوە کە دەستی بۆ نەبات و ئازاری نەدات.

جیا لەو قورساییەی کە هەیەتی، بوونی مار لەناو سروشتدا گرنگیەکی مەزنی هەیە بۆ ڕاگرتنی هێزی سروشت. ئەمەیە وایکردووە باوانمان هەر لە کۆنەوە درک بە گرنگی ئەو بوونەوەرە بکەن. بۆیە دەستبردن بۆی وەک شکاندنێکی کلتوری کوردەواریە.


تاماسپ کوڕی خێزانێکی کورد بوو. بۆ داربڕین ڕووی کردە چیاکان، لەوێ کەوتە ناو بیرێکی قوڵەوە، بە خەنجەرەکەی دیواری بیرەکەی کۆڵی و گەیشتە ئەشکەوتێکی گەورە. دوای کەمێک خۆی لەناو چەندین ماردا بینیەوە، پاشان ئافرەتێکی شۆخی بینی، نیوەی لاشەی بۆ سەرەوە ئافرەت و نیوەکەی تری بۆ خوارەوە مار بوو. شاماران وتی من خوداوەند شامارانم.

پێکەوە خواردیان و خواردیانەوە و شەیدای یەکبوون، دوای چەند ڕۆژێک تاماسب گەڕایەوە ماڵەوە.

پاشا له شار ناساغ بوو، ڕاوێژکارێکی فێڵاوی هەبوو. گوتی: بە گۆشتی شاماران. چاک دەبیتەوە، بۆیە بڕیاردرا سەرجەم کوڕانی شار. له ئاو هەڵبکێشرێن، چونکە خۆشەویستی شاماران بە تەڕبوونی لەشی. پێستی وەک کاژی ماری لێ دەهات، سەرە گەیشتە تاماسب و لە ئاویان هەڵکێشا.

پێستی وەک کاژی ماری لێهات، لەڕێی ئەوەوە شامارانیان دۆزیەوە و گرتیان، بڕیاریاندا گۆشتەکەی بدەنە پاشا؛ شاماران تاماسبی خۆشدەویست. بۆیە خۆی لە ڕاوێژکار هەڵکرد و گوتی:

کلکم بخۆن، پڕ دانایی دەبن، جەستەم بخۆن لە نەخۆشی بەدوور دەبن.

سەرم بخۆن دەمرن.

بە فەرمانی پاشا؛ شاماران کرا بە سێ لەتەوە، پاشا لەشی شامارانی خوار، چاک بۆیەوە، ڕاوێژکار کلکی خوارد، مرد.

تاماسب لەو ڕوداوەدا خۆی بە تاوانبار دەزانی، بۆیە سەری شامارانی خوارد. بۆ ئەوەی بمرێت.

بەڵام بە شێوەیەکی ئەفسوناوی هەموو دانایی شاماران هاتە جەستەی تاماسبەوە، بوو بە کەسێکی دانا و هەموو جۆرەکانی گیای ناسی، دەرمانی بۆ نەخۆشیەکان لێ درووستکرد. هەرچەندە جەستەی شاماران. پارچەپارچەکرا، بەڵام وەک خوداوەند لەناو کلتوری کوردیدا بە نەمری مایەوە.

ئەمەش بووە هێمای نرخداری ژن و بەرزنرخاندنی قوربانیەکەی شای ماران.


تورکەکان لە سەرەتایی دروستبوونی کۆماری تورکیادا تاوەکوو ئێستا، دەیان هەوڵی نەزۆکیان داوە بۆ قۆڕخکردنی ئەو میتۆلۆژیا کوردیە، بۆ ئەم مەبەستەش دەیان ملیۆن دۆلاریان لە ڕێگەی دروستکردنی فیلم و نوسینی کتێب خەرج کردووە تاوەکوو ئەم ئەفسانە کوردیەش وەک دەیان بەرهەم و مێژووی کوردی بدزن و بیکەن بە تورککراو، جیا لە تورکەکان. فارسەکانیش بەهەمان شێوە هەوڵی داوە شاماران بکاتە ئەفسانەیەکی فارسی وەک چۆن دەیانەوێت نەورۆز بکەنە موڵکی فارس، بێگوومان ئەو هەوڵانە نەزۆکن و پێش ئەوەی له دایکببێت مردووە

تعليقات