پەڕەی سەرەكی

پلاتفۆڕمەكان

لە ئەمساڵدا ٢٢ هاوڵاتی سڤیل لە باشوری کوردستان لەلایەن تورکیاوە شەهیدکراون

 


نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی هێزی ئاسمانی تورکیا لە شارۆچکەی کۆیە، ئۆتۆمبێلێکی مەدەنی بۆردوومانکرا و چوار قوربانی لێکەوتەوە، ڕێکخراوی تیمی کوردستانی عێراقی CPT ژمارەی قوربانیانی مەدەنی و جۆر و هێرشی بۆردوومانی دەوڵەتی تورکیا ئاشکرا دەکات .


تیمی کوردستانی عێراقی CPT، ژمارەی قوربانیانی مەدەنی و جۆر و هێرشی بۆردوومانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆسەر هاوڵاتیانی مەدەنی لە ساڵی ٢٠٢٣دا ئاشکرا دەکات.


بەپێی ئامارەی تیمی کوردستانی عێراقی، لە ١ی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٣وە، تاوەکو ١٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، بەهۆی بۆردوومان و ئۆپەراسیۆنەکانی دەوڵەتی تورکیاوە لە خاکی هەرێمی کوردستان، ١٠ هاوڵاتی مەدەنی شەهیدبوون و ١٢ هاوڵاتی تری مەدەنیش برینداربوون.


هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە، شەش لەو هاوڵاتییە مەدەنیانە بەهۆی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و سێ هاوڵاتی تر بەهۆی فڕۆکەی جەنگی و یەک هاوڵاتی تریش بەهۆی تەقینەوەی مین لەدەوروبەری یەکێک لە بارەگا سەربازییەکان گیانیان لەدەستداوە.


ئەو ڕێکخراوەکە ئەوەشی خستوەتەڕوو، لەناو بریندارەکان دوو هاوڵاتی مەدەنی بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی سەربازانی تورکیا و نۆ هاوڵاتی تریش بەهۆی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و یەک هاوڵاتی تریش بە هۆی تەقینەوەی مین برینداربوون.


لە ناوشەهیدەکاندا، سێ هاوڵاتی لەکاتی کۆکردنەوەی گژوگیای بەهارەدا و شەش هاوڵاتی تر لە ناو ئۆتۆمبێل و یەک هاوڵاتیش لە ماڵەوە بەئامانجگیراون.


سەبارەت بە شێوازی بریندارانی دەستی دەوڵەتی تورکیا، دوو هاوڵاتی لە کاتی لەوەڕاندنی مەڕ و ماڵاتەکانیاندا وپێنج کەسی دیکەیان لە ناو ئۆتۆمبێل و سیانیان لە ناو کەمپی ئاوارەکانی مەخمور و یەک هاوڵاتی دیکەش لەکاتی کۆکردنەوەی گژوگیای بەهارە و یەک کەسی دیکەش لە ناو ماڵەکەی خۆیدا بە ئامانجگیراون.


سەبارەت بە شوێنی ڕووداوەکان و هێرشەکان بۆسەر هاوڵاتیانی مەدەنی کە تیایدا قوربانی مەدەنی کەوتووەتەوە، تیمی کوردستانی عێراقی ئاشکرای کردوە،  تائێستا لە پارێزگای دهۆک چوار شەهید ودوو بریندار هەبووە، لە پارێزگای هەولێر یەک هاوڵاتی مەدەنی شەهید بووە و هەشت هاوڵاتی دیکەش برینداربوون، هەروەها لە پارێزگای سلێمانی پێنج شەهید و دوو بریندار بەهۆی ئۆپەراسیۆن و هێرشەکانی تورکیای داگیرکەر بۆسەر خاکی هەرێم لە ساڵی ٢٠٢٣دا تۆمارکراون.


تیمی کوردستانی عێراقی ڕاشیگەیاندوە، سوپای تورکیا، لە درێژکراوی ئۆپەراسیۆنی چنگی قوفڵدا کە لە ناوەڕاستی مانگی نیسانی ٢٠٢٢ بەبەراورد بە ساڵانی ڕابردوو بە قوڵاییەکی زیاتر و بە دووری سەدان کیلۆمەتر لە سنوری نێوان تورکیا-عێراق هاتووەتە ناو خاکی هەرێم، سەرباری بە ئامانجگرتنی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان، هاوڵاتیانی مەدەنی و گوندنشینان و جوتیارانی هەرێمی کوردستان بە ئامانجدەگرێت


تعليقات