پەڕەی سەرەكی

پلاتفۆڕمەكان

 



بەڵێ کورسی زیاترمان دەبرد...

وەڵامێک بۆ ئەو کەسانەی بانگەشەی ئەوە دەکەن گوایە ئەگەر کورد بەیەک لیستیش دابەزیبا ژمارەی کورسییەکانی زیادنەدەکرد!

چەند ڕۆژێکە لە چەندین ناوەند و دەزگای میدیاییەوە ڕاپۆرت و وتاری لەو شێوەیە بڵاودەکرێتەوە، کە گوایە ئەگەر کورد بە یەک لیستیش لە کەرکوک دابەزیبا بەپێی سیستەمی سانت-لیگۆ هەر حەوت کورسی دەبرد و ژمارەی کورسییەکان زیادی نەدەکرد! بەڵام لەگەڵ ڕێزماندا زۆرینەی نووسەرانی ئەم بانگەشەیە لەژێر کاریگەری حزبیدا ئەم بابەتەیان نووسیووە. دەیانەوێت لەم ڕێگەیەوە بۆ خاتری ئەوەی هەڵەی پارتەکانیان لە فرە لیستی و دابەزینیان بەجیا جیا و شێوەی سەربەخۆ بشارنەوە، لە گرنگی و نرخی ستراتیژی یەک لیستی کورد کەم بکەنەوە و بەهای بشکێنن لە زیهنی خەڵکی گەلی کورددا یەکگرتن بێ بایەخ بکەن! وەک دەڵێن حوزریان لە قەباحەتی گەورەترە. 


لە ڕاستیدا سەرجەم لێکدانەوە ژمارەییەکانی ئەوانەی بانگەشەی ئەوە دەکەن، کە گوایە کورد بەیەک لیستیش دابەزیبا هەمان ژمارەی کورسی دەبرد لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراوە کە دەنگە بەدەستهاتووەکان کۆدەکەنەوە و بەپێی سیستەمی سانت لیگۆ دابەشی دەکەنەوە، ئەمە بەتەواوی هەڵەیە چونکە لەسەر بنەمایەکی هەڵە دامەزراوە ئەویش ژمارەی ئەو دەنگانەیە کە کورد بە یەک لیست دانەبەزیووە. ئەو دەنگانەی ئێستای کورد بەدەستیهێناوە ئەو دەنگانەن کە بە لیستی جیا بەدەستیان هێناوە بۆیە لێکدانەوەکانی ئەم ژمارەیە بۆ ئەگەری یەک لیستی بەتەواوی هەڵەیە و دوورە لە هەموو بنەماکانی ستراتیژ و پڕوپاگەندە، چونکە لە ئەگەری یەک لیستیدا تەواوی دۆخەکە دەگۆڕا و پێشهاتێکی تر دەهاتە کایەوە، بەپێی بنەماکانی پڕوپاگەندە ڕێژەی دەنگدان لە فرە لیستیدا بەراورد ناکرێت بە ڕێژەی دەنگدان لە یەک لیستیدا، چونکە دۆخێکی دیکە درووستدەبوو کە لێکەوتەی جیاوازتری لێ دەکەوتەوە.


ئەگەر یەکێتی بەنموونە وەربگرین لەم هەڵبژاردنەدا بەهۆی ئەوەی بەگڕوتینێکی زۆر زیاتر بەبەراورد بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە کەرکوک لە 2021 هاتنەناوەوە و سەرکردەکانیان بە بەراورد بە حزبەکانی تر پلانێکی تۆکمەی هەڵمەتی هەڵبژرادنیان داڕشت و پەیڕەویان لە کەمپینێکی چڕوپڕتر کرد بۆیەشە بەبەراورد بە هەڵبژرادنی ڕابردوو نزیکەی 57 هەزار دەنگیان زیادکرد! لەکاتێکدا پارتی بەهۆی ساردی بانگەشەکەیەوە نزیکەی 3 هەزار دەنگ کەمی کرد و نەوەی نوێش بەهۆی یەکنەگرتنەوەی بەڵێنە گەورەکانی لەگەڵ ژمارەی کاندیدەکانی نزیکەی هەزار دەنگ کەمیکرد، واتا یەکێتی بەتەنانەت تاقە لیستێکیشەوە لەگەڵ شیوعی بەهۆی گەرمگوڕی بانگەشەکەیەوە زیاتر لە %65 ی دەنگەکانی زیادی کرد و نزیکەی 57 هەزار دەنگی بۆ کورد زیادکرد.ئەمەش نموونەیەکی سادەیە لە گۆشەیەکەوە بە ڕوونی بۆمان دەردەخات کە ئەگەر بهاتبا لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا کوردەکان بەیەک لیست دابەزیبان بانگەشەکان زۆر گەرم گوڕتر دەبوون و هانی بەشداریکردنی زیاتری خەڵکیان دەدا لە هەڵبژاردنەکەدا. لەئێستادا نزیکەی 356 کەس بەشداری دەنگدانی کەرکوکیان نەکردووە کە زۆرینەی هەرە زۆریان کوردبوون، زۆرینەیان بەهۆی فرە لیستییەوە متمانەیان بە پڕۆسەکە شکاوە ئەگەر بهاتبا لەیەک هاوپەیمانیدابان بێگومان لانی کەم پەنجا هەزار دەنگی تریان زیاد دەکرد لەگەڵ ئەو چل هەزار دەنگەی کە سوتاوە کۆی دەنگەکانی کورد دەگەیشتە نزیکەی 267 هەزار دەنگ، ئەوکاتە ئەگەر هەموو عەرەبیش بەیەک لیست دابەزیبان هێشتا بەپێی سیستەمی سانت-لیگۆ کوردەکان دەیانتوانی نۆ کورسی مسۆگەر بکەن و هەوڵی دەیەم بدەن. 


یەکێتی بۆ مێژوو داوای یەک لیستی کرد و ئامادەبوو لە حەقی خۆی خۆشببێت و تەنانەت بەڵێنی زامنکردنی کورسی بەلایەنە بچوکەکانی وەک کۆمەڵ و یەکگرتووشدا ئەگەر هاوپەیمانی لەگەڵ ببەستن، بەڵام بەداخەوە ئەوە سەرینەگرت. ئێستاش ئەوانەی کە بانگەشەی ئەوە دەکەن کورد بەیەک لیستیش هەمان ژمارەی کورسی دەبوو ئەوانەن کە حسابی نەبوونیان بۆ هەست و بیروبۆچوونی نزیکەی 356 هەزار کەسی تر کردووە کە زۆرینەیان کوردن و بەهۆی ساردوسڕی کەمپەین و شکانی متمانەوە بەشداری هەڵبژرادنەکەیان نەکردووە. بەمشێوەیە لە گرنگی یەکگرتنی کورد کەمدەکەنەوە بۆخاتری ئەوەی هەڵەی ستراتیژی خۆیان داپۆشن، سەدان هەزار کورد عەیبدار دەکەن بۆئەوەی خۆیان عەیبدار نەبن!


ڕۆژێک لە خۆڵەمێشەکانەوە هەڵدەستینەوە....


ڕەوا موسا





تعليقات