پەڕەی سەرەكی

پلاتفۆڕمەكان


 

هۆزگەرایی، سیمبولی شکستی شۆڕش و دواکەوتنی گەلی کورد.

بونی زۆری هۆز لە هەر نەتەوەیەکدا نیشانەی دەوڵەمەندی نەتەوە و زمان و کلتور ئەدا ، خۆشبەختانە لەناو کوردیشدا زۆز هۆز هەن کە خاوەن زاراوەی تایبەت بەخۆیانن و خاوەن مێژوویەکی گەورە و پڕشنگدارن لەناو کورددا ، شەرەفخانی بەدلیسی ئاماژەی بە چوار هۆزداوە کە دروستکەری ئەم نەتەوەی کوردەن ، ئەوانیش هۆزی گۆران و هۆزی لوڕ و هۆزی کەلهوڕ و هۆزی کرمانجن ، ئەم چوار هۆزە بە گەڕانەوە بۆ مێژوو ئەبینین کە پانتاییەکی بەرفراوانیان بەدەستەوەبوو و تیرەی زۆریان لێبۆتەوە ، بونی ئەم هەموو تیرەیە لەم چوار هۆزەدا بەربڵاوی زۆریان دروستکردووە کە وایکردووە پەرشوبڵاوی زۆر ڕووبدات و دوژمن بەزوویی دەستی بگات بەهەندێک تیرە لەم هۆزانە و بیانکات بە نەتەوەی جودا و وەک نەتەوەی جودا بیانناسێنێت ، هەتا ئێرە ئاساییە کە تەنها پلان و تەڵەکەی دوژمن ئەبینین ، بەڵام جیا لەوەش لەناوخۆدا کرمێک هەیە کە وادەکات داری بەری نەتەوەی کورد بڕزێت کە ئەمەش بوەتە پەندێک لەناوماندا و ئەیڵێینەوە ، هۆزگەرایی یەکێکە لە هۆکارە هەرە سەرەکیەکانی شکستی شۆڕش و هەوڵ و وچانی نەتەوەی کورد بۆ ئازادی کە وایکردووە کورد لەناوخۆدا دژیەکبن و بۆیەکدی دانەهێنن و ببن بە چەندین بەرە و هەریەکەو لەپاڵێکدا بۆ پلەو پۆست و سەرمایە هەوڵبدات کە ئەمەش بەروبومی تەواوی شۆڕش ئەسوتێنێ و بەبای ئەدات ، جیا لەمەش هۆزگەرایی هەر نەبۆتە هۆی ئەوەی دووبەرەکی لەناو خۆماندا بەرپابێت بۆتە هۆی ئەوەی کە خیانەت و دەستتێکەڵاوکردنی هۆز و تیرەکان ببینین لەگەڵ دوژمندا ، ئەم دەستتؽکەڵاوکردنەی هۆزەکان لەگەڵ دوژمندا گوریسی شۆڕش و هەوڵ و وچانی کوردی کردۆتەوە خوری و ڕێگری لە ئازادی کورد کردووە ، ڕێگەچارە بۆ یەکبونەوە و یەکڕیزبونی هۆز و تیرەکان لەناوخۆدا تەنیا لەسەر پەروەردە و هەستی نەتەوەیی وەستاوە کە هەریەکەو لەلایەک ئەبێت ئەم هەستی کوردبونە وەکو تۆیەک بچێنێت لە دڵیدا و چاوەڕێی شینبونی بکات و بەروبومی ئەم تۆیەش کە هەستی نەتەوەییە بریتییە لە بەرەنگاری دوژمن و ئازادی نەتەوە.



نووسەر: ئاسۆ بابوتە

تعليقات