پەڕەی سەرەكی

پلاتفۆڕمەكان

کوردستان لە ململانێی نێوان زلهێزەکاندا

کوردستان لە ململانێی نێوان زلهێزەکاندا

زۆرینەی ئەو نەتەوانەی کە وەک کورد بێ دەوڵەت و بێ ماڵ بوون. قوربانیەکی زۆریان داوە و لەلایەن زلهێزەکانەوە بەڵێنی زۆریان پێدراوە و یاریەکی ئێگجار تاقەت پڕوکێنیان پێکراوە، نەتەوەی کوردیش وەک نەتەوەیەکی ئازادیخواز و کۆڵنەدەر هەمیشە هەوڵیداوە بۆ سەربەخۆیی و ئازادکردنی خاکەکەی، بۆ ئەمەش چەندین ڕێگای گرتووەتە بەر تاوەکوو لە خۆری ئازادی نزیک ببێتەوە.
یەکێکیش لەو ڕێگایانە بەستنی هاوپەیمانێتی بووە لەگەڵ دەوڵەتە زلهێزەکان و خاوەن بەرژەوەندیەکان.

"بۆ ئەوەی بتوانی جەنگێک ببەیتەوە پێویستت بە چەک و ئابووریە" نەتەوەی مەزنی کوردیش لە هەمبەر ئەو هێزە زەبەلاحەی تورک و عەرەب و فارس پێویستی بە چەک و پارە هەبووە، ناچاربووه کە بچێتە ژێر باری زلهێزەکانەوە، لێرەدا باسی هەندێک لە بەڵێنی زلهێزەکان و بەستنی و هاوپەیمانێتی ژێربەژێر و پاشان فڕۆشتنی کورد دەکەین.:


:کۆماری مەهاباد 

لە ساڵی ١٩٤١ هاوپەیمانان لە باشورەوە و یەکێتی سۆڤیەت لە باکورەوە ئێرانیان کۆنتڕۆڵ کرد، لەو کاتەدا سوپای ئێرانی بەتەواوی لەناوچوبوو، زیندانیکراوە کوردەکان و شۆڕشێگڕەکان دەستیان کرد به پڕچەککردنەوەی خۆیان، لەناو شارەکانیشدا ڕێکخراوە سیاسیەکان و ڕۆشنبیرانی کورد دەستیان بە بانگەوازی کرد بۆ ئازادکردنی ناوچە کوردیەکان و ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستان. 
سەرئەنجام لە ساڵی ١٩٤٦ کۆماری مەهاباد ڕاگەیەندرا.

:پشتگیریکردنی کۆمار لەلایەن سۆڤیەت

لەدوای ڕاگەیاندنی کۆماری مەهاباد، حکومەتەکەی پێشەوا قازی چەند ڕێککەوتنێکی ئەمنی و ئابوری لەگەڵ سۆڤیەت واژووکرد.
پشتگیریەکانی سۆڤیەت خۆی لە کڕینەوەی توتن و برنج و ڕاهێنان بە هێزی پێشمەرگە دەبینیەوە.

:خیانەتی سۆڤیەت

دووبارە ساڵی ١٩٤٦ و لەپاش ماوەیەکی کەم حکومەتی سۆڤیەت سەرجەم ڕێککەوتنەکانی بە فشاری ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەگەڵ کۆمار وەستاند و چیتر بازرگانی لەگەڵ کۆماردا نەکرد کە ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کۆماری مەهاباد تووشی مایەپووچبوون ببێ.
بەوەشەوە سۆڤیەت نەوەستا بەڵکو سەرجەم هێزە سەربازیەکانی لە باکوری ئێران کشاندەوە کە ئەمەش بووە ڕێخۆشکەر لەبەردەم سوپای داگیرکەری ئێرانیدا تاوەکوو بێن کۆمار لەناوببەن.

ئەنجامی خیانەتی یەکێتی سۆڤیەت:

سەرئەنجام بەهۆی فشاری ولایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان و ڕێککەوتنی سۆڤیەت و ئێران لەسەر بابەتی نەوت، کۆمارە کوردیەکە لە ساڵی ١٩٤٦ و پاش ١١ مانگ لە دروستبوونی. بووە ئامانجێکی دڵڕەقانەی فارس. قازی محمد و هاوەڵەکانی لە سێدارەدران و سەرجەم کتێبخانەکان سوتێندران و زمانی کوردی قەدەغەکرا.




:شۆڕشی ئەیلول

لە پاش گەڕانەوەی مەلا مستەفای بارزانی بۆ کوردستان
شکستهێنانی دانووستاندنەکان لەگەڵ کۆماری عێراق لە ئەنجامدا مەلا مستەفا و هێزی پێشمەرگە ڕویانکردەوە چیاکان و لە ئەیلولی ساڵی ١٩٦١ شۆڕش دەستی پێکرد، توانرا گورزێکی گەورە لە سوپای عەرەبی عێراقی بوەشێندرێت و فشارێکی زۆر بخرێتە سەر عێراق، بە جۆرێک کۆماری عێراق لە ژێر فشاردا بوو کە تەنها لە چەند ساڵێکی کەمی دەستپێکردنی شۆڕشدا نزیکەی ١٠ هەزار سەربازی عێراقی داگیرکەر بە سزاگەیەندران و لەناوبردران.


:شکستی عێراق و بەیاننامەی ١١ ئازار

لە دوایی سەرکەوتنی هێزەکانی پێشمەرگە بەسەر داگیرکەراندا و شکستی سوپای عێراقی بەرامبەر گەلی کورد، حکومەتی عێراقی ناچار بە ڕێککەوتنی ١١ی ئازارکرا کە ڕێککەوتنێک بوو لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و حیزبی بەعسی عێراقدا.
لە ڕێککەوتنەکەدا دان بە مافەکانی گەلی کورددا نرا و چەند دەستکەوتێکی گەورەی تێدابوو بۆ گەلی کورد.


خۆ ڕێکخستنەوەی سوپای عێراق و پەلاماردانی کورد:

لە دوای جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتنامەی ١١ی ئازار و سەرنەکەوتنی دانوستاندنەکان لەبارەی کەرکوک، سوپای عێراق لە ساڵی ١٩٦٣ هێرشی کردە سەر هاوڵاتیانی مەدەنی لە گوند و ناوچە کوردیەکان و زیانێکی گیانی زۆردرا، بەمەش گەڕێکی دیکەی شەڕ لەنێوان عێراق و کوردستان دروستبوو.


پشتگیریکردنی شۆڕشی ئەیلول لەلایەن ئێران و ئیسرائیل:

بەهۆی ململانێی نێوان ئێران و عێراق و ناکۆکی لەسەر شەتول عەرەب و ناوچە سنوریەکان، حکومەتی ئێران پاڵپشتی دارایی و چەکی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە دەنارد و دەزگای هەواڵگری مۆسادیش بە زانیاری و چەک پشتگیری شۆڕشگێڕە کوردەکانی دەکرد.


:ڕێککەوتنامەی جەزائیر و نسکۆی شۆڕشی

دوای ئەوەی سوپای داگیرکەری عەرەب توشی زیانێکی زۆربوون لەبەرامبەر هێزی پێشمەرگە و نەتەوەی کورددا، ناچار لە ساڵی ١٩٧٥ حکومەتی بەعس کەوتە دانوستاندن لەگەڵ ئێران بۆ ئەوەی سنوری بەڕووی هێزی پێشمەرگەدا دابخات و سەرجەم پاڵپشتیەکانی بۆ شۆڕشگێڕەکان بوەستێنێت.
بەمەش دەوڵەتی ئێران و عێراق و ڕێکەوتنامەی جەزائیریان لە وڵاتی جەزائیر واژوو کرد کە دەقی ڕێککەوتنامەکە بریتی بوو لە پێشکەشکردنی "شەتولعەرب" لەلایەن عێراقەوە بۆ ئێران و لە بەرامبەردا ئێران سەرجەم پاڵپشتیەکانی بۆ هێزی پێشمەرگە بوەستێنێت.

ئەمەش بووە هۆکاری ئەوەی کە شۆڕشی ئەیلول توشی شکستێکی گەورەببێ و لە ئەنجامی خیانەتی ئێران بەرەی کوردی بووە دووبەش بەناوی بەرەی "مەلایی و جەلالی" کە له بابەتێکی تردا باسی دەکەین.


١٦ی ئۆکتۆبەر و خیانەتی هاوپەیمانانی هەرێمی کوردستان:


لە دوای ئەنجامدانی گشتپرسی سەربەخۆیی کوردستان، هاوپەیمانانی هەرێم کە بریتیبوون لە (ئەمریکا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ئیماڕات، بەڕیتانیا، هتد..) نەوەک تەنها ئەنجامی گشتپرسیەکەیان ڕەتکردەوە بەڵکو بە سەختی دژی وەستانەوە و ئەنجامی ڕیفراندۆمەکەیان بە ناشەرعی ناوزەند کرد. 

لە دوای سەرکەوتنی ڕیفراندۆم. سوپای عێراقی فاشی بە پێشڕەوی ئێران و میلیشیا عێراقیەکان. هێرشێکی بەرفراوانیان خستە سەر ناوچە کوردستانیەکانی ماددەی ١٤٠، بە دەیان تانک و چەکی پێشکەوتووی جۆراوجۆر ڕووبەرووی هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای پارتی ئازادی کوردستان و پارتی کرێکارانی کوردستان بوونەوە، لەبەرامبەر ئەوەشدا هاوپەیمانان نەوەک دژی ڕانەوستان بەڵکو ئیدانەشیان نەکرد، ئەمەش دەرخەری دووڕویی وڵاتانی ڕۆژئاوایی و ئەوروپی دەردەخات.


:ڕۆژئاوای کوردستان

لە دوای تەواوکردنی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و دامەزراندنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری کوردی لە ڕۆژئاڤای کوردستان، دەوڵەتی تورکیا و سوپای ئازادی سوریا دەستیان کرد بە کۆکردنەوەی هێز تاوەکوو هێرشبکەنە سەر عەفرین و دەرووبەری.


:ئۆپراسیۆنی چڵە زەیتوون و بێدەنگی ئەمریکا

لە بەرواری ٢٥ی ٣ی ٢٠١٨ سوپای داگیرکەری تورک بە پێشڕەوی مورتەزەقەکانی سوپای ئازادی سووریا و ئۆپۆزسیۆن هێرشێکی دڕندانەیان کردە سەر شاری عەفرین.

ئەوەی جارێکیتر جێی سەرنج بوو ئەوەبوو سوپای تورکیا سەدان هاوڵاتی کوردی کۆمەڵکوژکرد بەبەرچاوی ولایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا و نەتەوەیەکگرتووەکان و فەڕەنسا کە هاوپەیمانی کوردن!



:ئۆپراسیۆنی کانی ئاشتی و خیانەتی هاوپەیمانان


لە ٩ی ١٠ی ٢٠١٩ هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە ناوچە سنوریەکانی نێوان سوریا(ڕۆژئاوا) و تورکیا(باکور) کشانەوە و ڕاستەوخۆ لە دوایی کشانەوەکە هێزی ئاسمانی تورکیا بە چڕی بۆردوومانی ناوچەکانی ژێردەستی هێزە کوردیەکان کرد و لە ڕووی وشکانیەوە بە پێشڕەوی سوپای ئازاد و ئۆپۆزسیۆن کوشتارگەیەکی گەورەیان لەو ناوچانەدا دروستکرد.

لە دزەپێکردنێکی گفتووگۆی نێوان دۆناڵد تڕەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و ڕۆژنامەنووسێک سەبارەت بە کشاندنەوەی هێزەکانی ئەمریکا و ڕێگەدان بە داگیرکردنی ڕۆئاڤا لەلایەن تورکیاوە تڕەمپ گوتی: من دوو تاوەرم هەیە لە ئیستەنبوڵ و لە ئێستادا سەرقاڵی ئەو دوو تاوەرەم، بە مانایەکی تر ولایەتەیەکگرتووەکان خیانەتیان لە هاوپەیمانە کوردەکانیان کرد تەنها لەپێناو دوو تاوەری بازرگانی سەرۆکێک!

نووسەر: شکار صابیر جیهان

تعليقات