پەڕەی سەرەكی

پلاتفۆڕمەكان

پاشەکشەی ڕێژەی دانیشتوانی کورد لە باشوری کوردستان

پاشەکشەی ڕێژەی دانیشتوانی کورد لە باشوری 
کوردستان

هەمیشە پاشەکشەکردن ڕێژەی دانیشتوان لە جیهاندا چەند هۆکارێکی گەورەی لە دواوەبووە، ئێمە لێرەدا باسی چەند هۆکارێکی سەرەکی دەکەین کە بوونەتە پاڵنەر بۆ کەمبوونەوەی ڕێژەی کورد لە باشووری کوردستان.



:١- کەمی ڕێژەی وەچەخستنەوە

هەمیشە بەرز و نزمی ڕێژەی لە دایکبوون لەناو نەتەوەکاندا بابەتێکی گرنگبووە و بە ئێستاشەوە وڵاتان و گەلانی جیهان بایەخێکی زۆر بە ڕێژەی لە دایکبوون دەدەن، هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەوڵەتی فێدڕاڵی عێراقدا کەم بوونەوەیەکی بەرچاوی لە ڕێژەی لە دایکبووندا بینیوە لەچاو پارێزگا عەرەبیەکانی باشور و ناوەڕاستی عێراق. بە جۆرێ ئامارەکە مەترسیدارە کە ڕێژەی لەدایکبوونی خێزانە عەرەبیەکان بەرامبەر خێزانە کوردیەکان چەند هێندە زیاتره.
بە جۆرێک کە ڕێژەی له دایکبوون لە عێراق بە گشتی بۆ ساڵی ٢٠٢٢، یەک ملیۆن و ٣١٠ هەزار و ٤٩٤ منداڵ بووه!
بەڵام ڕێژەی لەدایکبوون لە هەرێمی کوردستان لەو ڕێژەیەدا تەنها ١٦٠ هەزار و ٨٤٣ منداڵ بووە.
کە ئەمەش ڕێژەیەکی ئێگجار کەمە بەرانبەر بە پارێزگاکانی تری عێراق.



:٢- کۆچ کردنی هاوڵاتیانی کورد بۆ دەرەوەی وڵات

بەپێی ڕاپۆرتی (کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا)
لە ماوەی هەشت ساڵی ڕابردوودا ١٣٥ هەزار کەس لە کوردستانەوە کۆچیان کردووە بۆ ئەوروپا، لەو ڕێژەیەش تەنها لە ساڵی ٢٠٢٢ پتر له ١٩ هەزار و ٢٠٠ کەس کۆچیان کردووە. ئەمەش ئامارێکی زۆر مەترسیدارە بەراورد بە ڕێژەی ئێستای کورد و کەمی لە دایکبوون و کۆچی پێچەوانی عەرەبەکان بۆ باشوری کوردستان. 


:٣- کۆچی هاوڵاتیانی عەرەب بۆ هەرێمی کوردستان

کۆچ کردنی عەرەب بۆ باشوری کوردستان لە دوای ساڵی ٢٠١٤ و شەڕی تیرۆریستانی داعش و ناجێگیری .
ئاسایشی پارێزگا عەرەبیەکان زیاتر پەرەی سەند.
ئەڵبەت لە هەموو وڵاتانی جیهان کۆچ کردن بابەتێکی ئاساییە. بەڵام بەڕێژەیەکی کۆنتڕۆڵکراو و جێگیر.
بەپێی ئامارەکان زیاد لە ٢ ملیۆن هاوڵاتی عەرەبی لە باشوری کوردستان دەژین و لەو ڕێژەیەش نیوە بەرەو سەر خاوەنی موڵک و شوقە و خانوون. کە ئەمەش مەترسیەکی ترە پێویستە باسی لەسەر بکرێت.


:٤- تەعریب

سەرەتای تەعریب دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی و لەسەر دەستی مەدحەت پاشا ئەنجام درا، کە ژمارەیەک عەرەبی کۆچەر و حوشتر و مەڕلەوەڕێنی لە حەویجە جێنشین کرد کە لە ناوچەکانی باشووری کەرکووک بەدوای لەوەڕگە و پاواندا دەگەڕان بۆ مەڕوماڵاتیان.
لەو سەردەمەوە تاوکوو دروستکردنی کۆماری عێراق تەعریب بە ڕێژەیەکی سنوردار بەردەوامبوو لە سنووری پارێزگای کەرکوک و زنجیرە چیای حەمرین.
تاوەکوو هاتنە سەر حوکمی ڕژێمی بەعس
کە ناوچە کوردیە دەوڵەمەند بە نەوتەکانی لە چوارچێوەی تەعریبێکی ڕێکخراو خاڵی کردن لە کورد و خێزانە عەرەبیەکانی هێنایە جێگایان.

لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ شاڵاوێکی دیکەی تەعریب دەستی پێکرد بۆسەر گوندەکانی خوار کەرکووک، گەڕانەوەی عەرەبی هاورده و سوتاندنی دەخڵ و دانەکانی جوتیارانی کورد و هەڕەشە لێکردن و چالاککردنەوەی شانە نوستووەکانی تیرۆریستانی داعش لەو ناوچانە بوونە پاڵنەرێک بۆ کۆچ کردنی خێزانە کوردەکانی ئەو ناوچانە بۆ هەولێر و سلێمانی.


ئەمانە تەنها چوار هۆکاری سەرەکی بوو کە بوەتە هۆی ئەوەیە دانیشتوانی کورد بەرەو کەمبوونەوە بڕوات، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ کوردەکان خاکی خۆیان لە دەست دەدەن و دەبنە کەمینە، تاوەکوو چەند ساڵێکی تری ڕێژەی کورسی کورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کەمتر دەبێتەوە و عەرەبەکان دەبنە خاوەن کورسی زیاتر، لە ئێستادا ئەو باروودۆخه لە کەرکووک و ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم تەشەنەی کردووە و هەڵبژاردن لە دوای هەڵبژاردن نەتەوەی کورد دەسەڵاتی کەمتر دەبێتەوە.

نووسەر : شکار سابیر

تعليقات