پەڕەی سەرەكی

پلاتفۆڕمەكان

ئەو ناوچە و شارانەی كە هونەرمەندی گەورەی گەلەکەمان "حەسەن زیرەک" گەشتی هونەری خۆی تیا وەشاندووە!


ئەو ناوچە و شارانەی هونەرمەندی گەورەی گەلەکەمان "حەسەن زیرەک" گەشتی هونەری خۆی تیا وەشاندووە و تێیدا هەڵاوی هونەرەکەی خۆی بڵندکردووەتەوە و ماشینی هونەری کوردی وەگەڕخستووە..

باسێکی کورت لەسەر ژیانی ئەم کەڵە پیاوە:
٢٩ی تشرینیی دووەمی ١٩٢١، لە گوندی هەرمێلەی نێوان سەقز و بۆکان، هاتۆتە دنیاوە (هەرچەندە کۆک نین بەدیاریکراوی لەکوێ سەری ھەڵھێناوە)، تەمەنی ١١ساڵ دەبێت کاتێک باوکی گیان لەدەستدەدات، بەوھۆیەوە ماڵیان لە هەرمێلە بەرەو سەقز باردەکات، پاشان دایکی شوو دەکاتەوە، ئەمەش دەبێتە ئاستەنگییەک بۆ ژیانی خۆیی و خوشک و براکانی، لە تەمەنی ١٢ساڵی دەگەڕێتەوە هەرمێلە و لەلای ئاغای دێ وەک چاوساغ و قاوەچی ئاغا دەست دەدا، لەوکاتەدا خەڵکی دێ ئاشنای دەنگی دەبن و هەر زوو شۆرەت پەیدا دەکا و سەدای بەناو خەڵکیدا بڵاودەبێتەوە، دوای ساڵێک هەرمێلە بەجێدەھێڵێت و دەچێتەوە سەقز و وەک شاگرد لای کەبابچی دەست بەکاردەبێت، دوای ئەو بەزم و ڕەزمە دەگەڕێتەوە هەرمێلە و وەک تفەنگچی لای ئاغا دادەمەزرێ، دوای ناکۆکی دگەڵ ئاغا، واز لەوەش دێنێ و دەچێتەوە سەقز و دەبێتە شۆفێری مینەخانی ئەردەڵانی، لەنێوان سەقز و بانە دەست بەکاردەبێت، تاڤێک لەکاتی شۆفێریدا کوڕێکی پێگەیشتوو دەکەوێتە بەر ئۆتۆمبێلەکەی حەسەن و گیان دەسپێرێ، ئەمەش حەسەن دەترسێنێ و هەڵوەدای کوردستانی باشوور دەبێت و لە شاری سلێمانی خۆی دەبینێتەوە، لەوێ دەست بەکاری چاییچێتی دەکا و ماوەیەک خۆی کپ دەکات، ڕۆژەک بەدەم کاری ڕۆژانەی لەبەر لێوانەوە گۆرانی دەڵێت، ئەمەش سەرنجی ڕێبوارێک بۆلای خۆی ڕادەکێشێ، و دەبێتە سەرەتای سەرهەڵدانی شۆڕشێکی نوێ لە هونەر و میوزیکی فۆلکی کوردی، لەو ڕێیەوە دەچێتە ڕادیۆی بەغدا و بۆ یەکەمین جار گۆرانی حەسەن دەکەوێتە بەر گوێی کوردانی باشوور و دەبێتە جێی سەرنجی خەڵکی باشووری کوردستان، بۆماوەی ١٠ساڵ لە عێراق دەمێنێتەوە و لەو ماوەیەدا زۆرچاک ئاشنای کولتوور و شێوازی ژیانی خەڵکی عێراق دەبێت، دوای کردنەوەی بەشی کوردی ڕادیۆ تاران، ڕێگای بەرەو تاران لێژ دەکات و لەوێش دەستی خۆی دەوەشێنێ، و سەردانی کرماشان و تەورێزیش دەکات و هونەرەکەی خۆی لەوێش ڕادەخا، بەڵام دوای ماوەیەک ئیتر ڕێگەی لێدەگیرێت لە ڕادیۆی تاران کار بکات، ئەمەش حەسەنی خەفەتبارکرد و بڕیاریدا چیتر نەگەڕێتەوە تاران، دوای گرتنی نەخۆشی شێرپەنجەیی جگەر، باری تەندرووستی دەشێوێ و لە نەخۆشخانەکانی ورمێ و بۆکان دەخەوێنرێت، بەڵام واش لە گۆرانی گووتن و شایی خۆی ناکەوێ چەند دانیشتن و ئاهەنگی تایبەت سازدەکا، بەڵام نەخۆشییەکەی زەفەری پێدێنێ و ماوەی ساڵێک لەجێگا دەیخەوێنێت، دوای ئازار و تلانەوەی زۆر، لە ٢٦ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٧٢، لە نەخۆشخانەی بۆکان ڕێی هونەری ٥٠ ساڵەی کۆتایی پێدێنێت و ماڵئاوایی لەم دنیا دەکات..
دیارترین ئەو بەرھەمانەی کە بە ڕووحێکی نیشتیمانپەروەرانە گوتوونییەوە و لە زەینی کوردان ماونەتەوە:
* نەورۆز - Newroz
* نیشتیمان - Nîştiman
* ئەی وەتەن - Ey weten
* کوردستان - Kurdistan(سڕدراوەتەوە)
* دووری وڵات - Dûrî wilat
‌‌
‌‌

نووسەر : زەمەند کەریم

تعليقات