▪️سوككردنی خەباتی چەكداری
لەوەتەی كورد هەیە خەباتی چەكداری بۆ سەربەخۆیی و خۆبەڕێوەبەری و ڕەتكردنەوەی داگیركاربووە، نەك بۆ بوون بە هاووڵاتی لەژێر دەسەڵاتی داگیركار. واتە پرسی كورد پرسی خاك و خۆبەڕێوەبەری بووە نەك مافی كەلتووری.
بۆ خاك و خۆبەڕێوەبەری، خەباتی چەكداری
بۆ مافی كەلتووری و هاووڵاتیبوون، خەباتی شاریی (مەدەنی)
ئەگەر خەباتی چەكداری پە*كەكە بۆ ئەوەبووە كە توركیا بە دیموكراسی بكەن و ئاشتی كورد و تورك بهێننە كایەوە وەك لە ڕاگەیاندنەكەدا هاتووە، ئەوە چ پێویستی بە خەباتی چەكداری و كوشتنی سەدان ڕۆڵەی ئەو نەتەوە دەكرد! ئەمە كاری خەباتی شارییە هەر بە خەباتی شاری (مەدەنی) دەكرا، لە ڕێگەی پارتێكی سیاسی وەك دەم پارتی.
سەدساڵ پێش ئێستا خەباتی كوردانی باكوور بۆ سەربەخۆیی بوو، كۆمەڵەی خۆییبوون یەكسەر جاڕی سەربەخۆییداو دیاربەكری وەك پێ تەخت هەڵبژارد، كەچی پە*كەكە ئەو ڕۆحیەتە باڵایەی لە خەباتی چەكداری باكوور كوشت، پرسی كوردیان كردە پرسی جێندەری و ململانێی چینایەتی و دژایەتی كردنی ئیمپڕیالیزمی سەرمایەداری و، هێنانەكایەی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و برایەتی گەلان لەناوچەكە! ئاخر ئەوانە كەی پرسی كوردن، كەی كاری كوردی ژێر دەستەی بێ دەسەڵاتە! تۆ دەبێ ململانێی بوونی خۆت بكەیت نەگ گۆڕینی جیهان!
مرۆڤ نابێ دۆنكیشۆت بێت، تۆ لەچیادا ناوێری سەرت دەربێنی، تەنانەت كۆنگرەی خۆهەڵوەشانەوە و چەكدانانیشت بەترسەوە لەژێر بۆمبباران بووە، كەچی بڵێی ڕۆژهەڵاتی ناوینی نوێ دروست دەكەم لەسەر بنەمای ئاشتی گەلان!
▪️هزری پە*كەكە
كێشەی هزری پە*كەكە لە میتۆدە، دیكارت دەڵێ هەرچەندە هزرەكانت جوان و باوەڕپێكەر بێت بەڵام گەر بنەمایەكی دروستی نەبوو، ئەوا ئەنجامەكەی هەر هەڵەیە.
هزری پە*كەكە، كە هەر هزری بەڕێز ئۆج*ئالانە، كێشەی كورد لەگەڵ تورك و عەڕەب و فارس ناگەڕێنێتەوە بۆ ململانێی نەتەوەیی و ئەقڵیەتی فاشیستی و نكۆڵیكردنی ئەو نەتەوە داگیركارانە بەرامبەر بە كورد، بەڵكو دەیگەڕێنێتەوە بۆ دروستبوونی دەوڵەت نەتەوە، كە زادەی ئیمپڕیالیزمی سەرمایەدارییە! پێیانوایە سەدان ساڵە كورد و تورك بە ئاشتی و یەكسانی و برایەتی ژیاون لە یەك دەوڵەتدا بەڵام دەوڵەتی نەتەوەی مۆدێڕن هات نێوانی ئەو جووتە برایە خۆشەویستەی تێكدا!
لەسەر ئەم بنەمایەش دەوڵەت و سەربەخۆیی بۆ كورد بە چارەسەر نابینن بەڵكو دژی دەوڵەتی نەتەوەیین بۆ كورد، بە پیلانی سەرمایەداری دایدەنێن بۆ دروستكردنی ململانێی نێوان نەتەوەكان!
پێیانوایە دەبێ لە ڕێگەی دروستكردنی كۆمەڵگەی دیموكرات ئاشتی گەلان بهێننە كایەوە تا گورگ و مەڕ بەیەكەوە ئاو بخۆنەوە لەو دیجلە و فوڕاتەی نێوانمان! ئەم جۆرە هزرە ڕێك بە قازانجی دەوڵەتانی داگیركاری كوردستانە، كە جەخت لەسەر دەوڵەتی شارستانی و سەروو نەتەوەیی دەكەنەوە، كە مۆدێلێكە دژی دەوڵەتی نەتەوەییە. تا لەو ڕێگەیە كورد لە مافی دەوڵەت و خۆبەڕێوەبەڕی داببڕن و بیتوێننەوە لەنێو دەوڵەتی فراوانخوازی خۆیان.
ئەم جۆرە میتۆدە پاشخان ماڕكسیە جگە لەوەی ناواقعیە، دووریشت دەخاتەوە لە دونیایەك ئەزموونی مێژوویی نەتەوەكەت لەگەڵ نەتەوەكانی داگیركار، وا دەكات تۆ هیچ سوود لە مێژوو خۆت نەبینی، مێژوو وەك ئەزموونێكی واقعی نەك بە فلتەری ململانێی چینایەتی. هەر كوردێك یەك تۆز وانەی لەمێژوویی خۆی وەرگرتبێت نابێت هەرگیز باوەڕ بە بەڵێن و بەڵێننامەی تورك و فارس و عەڕەب بكات.
كورد هەمیشە بە بەڵێن هەڵخەڵەتاوە بە درێژایی مێژوو، ڕیشەی ئەوەش بۆ ئەقڵیەتی خێڵەكی كورد و بەهاكانی كوردەواری دەگەڕێتەوە. لە ئەقڵیەتی خێڵەكیدا پیاو كە قسەی كرد لە دیوەخان نابێ پەشیمان ببێتەوە ، دەبێ بەڵێنی پیاوەتی خۆی بەجێ بگەێنێ گەر سەری خۆی و عەشیرەتەكەشی دانابێت. ئینجا واشیان زانیوە تورك و فارسیش وەكو ئەوان خاوەن هەمان بەها و باوەڕن، بەڵێنن و پەیمان بەجێ دەگەێنن! وایانزانیوە بەڵێن شكاندن لای ئەوانیش شكۆنزمیە! لە مێژوودا دەیان نموونەی ئاوای تێدایە كە سەركردە و سەردارانی كورد بەبەڵێن و سوێند خۆیان ڕادەستی دەسەڵاتدارانی تورك و فارس كردووە كەچی هەركە گەیشتوون لە سێدارە دراون.
نەتەوەیەك لە مێژوویی خۆی فێرنەبێت، هەر ژێردەستەیە.
نووسەر: محمد رەحمان ئەحمەد
تعليقات
إرسال تعليق
كۆمێنت بنووسە ئەگەر هەر پرسیارێك یاخود تێبینیەكت هەیە