ژن لەناو پەكەكەدا
زۆر نووسین و كتێب، لەبارەی ژن لەناو پەكەكەدا بڵاو كراوەتەوە، ئەگەر نیوەی ئەو كتێبانە بخوێنیتەوە، بۆت دەردەكەوێت، كە هیچ كاتێك ژن لەناو پەكەكەدا ئازاد نەبووە، بەپێچەوانەوە، ژن ئازادیی لەناو پەكەكەدا لەدەست دەدات، تەنانەت دەگاتە ئەو ئاستەی كۆتایی بە ژیانی خۆی بهێنێت، چونكە ئەو بە مەبەستی شۆڕش و رزگاركردنی خاكی كوردستان دەچێتە شاخ، كەچی لەوێ خۆی لەناو گرتووخانەیەكی گەورەدا دەبینێتەوە.
لە كتێبی (ژن لەناو پەكەكەدا)، كە نەژدەت بوڵدان نووسیویەتی و دڵشاد چوارباغی وەریگێڕاوەتە سەر زمانی سۆرانی، بەڵگەی زۆر روون و گرنگ دەخاتە بەردەم خوێنەر. كاتێك دەیخوێنیتەوە، راستیی ئازادیی ژنت لەناو پەكەكەدا بۆ دەردەكەوێت، بەو مانایەی، هەموو ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەكەن، ژن لەناو پەكەكەدا هاوتای پیاوە، درۆن، یان ئەوانەی دەڵێن ژن وەكوو پیاو مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت، دیسان درۆ دەكەن. ئەوەیشی لە هەمووی بەئازارترە، سێكس و خۆشەویستیی بۆ بەرپرسە باڵاكانی پەكەكە نەك هەر حەڵاڵە، بگرە هەندێك لە ژنانی نێو پەكەكە دەڵێن، بەرپرسەكان هەموو بەهارێك دۆستەكەی خۆیان تازە دەكەنەوە، كەچی بۆ گەریلای شۆڕشگێڕ گوناهێكی گەورەیە، تا ئەو ئاستەی ئەوەی گومانیان هەبێت پەیوەندیی خۆشەویستیی لەگەڵ پیاوێكدا هەبووە، لە داری دەدەن.
كتێبەكەی بوڵدان، نموونەی بە حەوت ئافرەت هێناوەتەوە، كە راستەوخۆ گفتوگۆی لەگەڵدا كردوون و ئەوان بۆ خۆیان لە قەندیل بوونە و هەریەكە و زیاتر لە پێنج ساڵ لەناو پەكەكەدا خەباتیان كردووە، پاشان رایانكردووە و بۆ ئەبەد نەگەڕاونەتەوە ناو ئەو حزبە.
بەشێك لەو ئافرەتانە وەكوو (هێلین، گوڵبەهار و ئایسەل)، باس لەوە دەكەن، بەرلەوەی بچنە قەندیل و پاشان بۆ بیقاع، هەموو ئاواتیان ئەوە بووە، بچنە شاخ و شان بە شانی پیاو بجەنگن و بۆ ئازادیی وڵات خەبات بكەن، كاتێك چوونەتە شاخ و پاشان بیقاع، ئیدی لەوێ رووی راستەقینەی پەكەكەیان لەبارەی ئافرەتەوە بۆ دەركەوتووە.
بەشێك لەو ئافرەتانە، لە توركیا زیندانی كراون، ئەشكەنجە دراون و برا و باوكیان لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە كوژراوە، كەچی تەنیا لەبەر ئەوەی سڵاوێكیان لە گەریلایەكی پیاو كردووە، لە بەیانی تا ئێوارە لەبەردەم خۆردا و بە دارێكەوە بەستراونەتەوە و ئاویشیان نەدراوەتێ، ئەمەش وەكوو سزایەك، كە نابێت لەگەڵ پیاودا هیچ بەركەوتنیان هەبێت، جا بە جەستە بێت یان بە قسە و سەیركردن.
ئەو ئافرەتانە پەشیمان نین لەوەی چوونەتە شاخ و دژی دەوڵەتی توركیا چەكیان گرتووەتە دەست، چونكە دەڵێن ئێمە بۆ کوردستانی خۆمانمان كردووە و دژی زوڵم و زۆرداریی دەوڵەتی توركیا بەرامبەر بە كورد جەنگاوین، بەڵام پەشیمانن، كە لەناو پەكەكەدا ئەو خەباتەیان كردووە.
لاتان سەیر نەبێت، كە ژن لەناو پەكەكەدا هەمیشە بە كەمتر لە پیاو سەیر کراوە، هەر بۆ نموونە، پیاوەكان قەبووڵیان نەبووە لە هیچ ئۆپەڕاسیۆنێكدا ژنێك سەركردایەتیی ئەو شەڕە بكات، چونكە بە سووكایەتیی بۆ پیاویان زانیوە، جیا لەوەی بە قسەی ناشرین سووكایەتییان پێ کراوە و هەستێكی وایان دراوەتێ، كە هەمیشە خۆیان لە پیاو پێ كەمتر بێت.
نەژدەت بوڵدان، كاتێك لەسەر زاری ئەو ژنانە رووی راستەقینەی پەكەكە روون دەكاتەوە، ژنەكان دەڵێن ئەوەی باسی دەكەین، هیچ نییە لەبەرامبەر ئەو خراپی و ئەو سووکایەتییەی لەناو پەكەكەدا بە ژن دەكرێت، جا ئەوەی ئێمە دەیخوێنینەوە، ئازارمان پێ دەگات و خەمی پێ دەخۆین، ئەی ئەگەر ئەو ژنانە هەموو راستییەكان ئاشكرا بكەن، دەبێت چی رووی دابێت؟
سەلیم چروككایە، نووسەری دیاری كورد و هەروەها یەكێك لە بەرپرسانی پێشووی پەكەكە، كە ماوەی 12 ساڵ لە توركیا زیندانی كراوە، دەڵێت سێكس لەناو پەكەكەدا قەدەغەیە، بەڵام ئەو قەدەغەیە تەنیا بۆ گەریلایە، بۆ بەرپرسەكان سێكس ئاساییە و تەنانەت چەندین ئافرەت كاتێك دەستدرێژییان كراوەتە سەر، خۆیان كوشتووە و بەشێكیشیان دووچاری نەخۆشیی دەروونی بوونەتەوە. هەندێك لەو ئافرەتانەی لە كتێبەكەی نەژدەت بوڵداندا قسەیان كردووە، دەڵێن دەستدرێژیی سێكسیمان كراوەتە سەر، بۆیە تاوەكوو ئێستا لە ڕووی دەروونییەوە تەواو نین و لە ئەورووپا سەردانی پزیشكی تایبەت دەكەین.
ژنانی گەریلای ناو پەكەكە، باس لەوە دەكەن، عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە، چەندین جار لە وتارەكانیدا لە بیقاع گوتوویەتی، ئێوە نابێت یەك پیاوتان خۆش بوێت، ئێوەی ئافرەت لەوە گەورەترن، كە یەك پیاوتان خۆش بوێت، بەڵام بە كردار لەناو پەكەكەدا هیچ كاتێك ژن حیسابی بۆ نەكراوە. وەكوو ئەوەی (ئایسەل - یەكێك لەو ژنانەی لە كتێبەكەدا قسەی كردووە و هاوسەری سەلیم چروككایایە) باسی دەكات، هەرچی ئافرەتی جوانە لەناو پەكەكەدا، بەرپرسە باڵاكان بۆ خۆیان داناون و لەگەڵیاندا خەوتوون، بۆیە ئەو ئافرەتانە بەشێكیان خۆیان رزگار كردووە، بەشێكیشیان كاتێك رووبەڕووی پەكەكە بوونەتەوە، بە تۆمەتی خیانەتبوون لەناو بردراون.
”پەكەكە پارتێكی ژنانەیە“، ئەمە گوتەیەكی گرنگی ئۆجەلانە، بەڵام هیچ كاتێك ئافرەت لەناو پەكەكەدا هەستی بەوە نەكردووە، كە لەگەڵ پیاودا یەكسانە، بەپێچەوانەوە، ئەوان لەبەر زوڵم و زۆرداری و ستەمی دەوڵەتی توركیا چوونە شاخ و شان بە شانی پیاو چەكیان كردە شانیان، كەچی لەناو پەكەكەشدا خۆیان لەناو ستەم و ئازار و كوشتنی خەونەكانیان بینییەوە.
کارزان گلی
تعليقات
إرسال تعليق
كۆمێنت بنووسە ئەگەر هەر پرسیارێك یاخود تێبینیەكت هەیە