پەڕەی سەرەكی

پلاتفۆڕمەكان

 



ورد و نەرمەهێز : فیلمی ١٩٨٨ بە نموونە


بە ناوی خودای بەخشندە و میهرەبان


نەرمەهێز زاراوەیەکە لەلایەن زانای ڕامیاری جۆزێف نای (Joseph Nye) داڕێژراوە، کە ئاماژەیە بۆ توانای وڵاتێک بۆ سەپانی کاریگەریی لە ڕێگەی ڕاکێشان و ڕازیکردنی کەلتووری نەک بە زۆرەملێ و جەنگ.


ئەگەر سەرنج لە وڵاتێکی وەک ئەمەریکا بدەین، دەبینین بە هۆی بەکارهێنانی کۆمەڵێک فیلم و کەسایەتی دەتوانێت کاریگەری ناڕاستەوخۆ لە جیهاندا درووست بکات. ڕەنگە هەڵە نەبین گەر بڵێین پاڵەوانێکی وەک سوپەرمان کەسێ نییە نەیناسێ! ئەمە لەبەر ئەوەی چەند کەسانێکی بە توانا هەستان بە لەبەرگرتنەوە و بڵاوکردنەوەی کەلتوورەکەیان بە جیهاندا. بۆ ئەوەی بە جیهان بڵێن بەڵێ ئێمەش هەین.


نەرمەهێزی بەرهەمە کەلتوورییەکانی ئەمەریکا هەڵدەستن بە بڵاوکردنەوە و بەهێزکردنی خودی وڵاتەکە. لێرەدا ئێمە تەنها یەک وڵات بە نموونە دەهێنینەوە، ئەگەرنا بەشێکی زۆری وڵاتان و ئایدیۆلۆژیاکانی دیکەش هەر لەسەر هەمان ڕێچکەی نەرمەهێزانە کار دەکەن. بە بەکارهێنانی چیڕۆکگەلێک و سیمبولگەلێک کە پاڵپشتی لە دۆزەکەیان دەکات.


کوردیش وەک هەر نەتەوەیەکی دیکە بێبەش نییە لە نەهامەتی و غەم و چیڕۆکگەلێکی مەزن. لێرەدا ئێمە پێویستە تشتە جوانەکانی خۆمان بە جیهان ببەخشین. فیلمی ١٩٨٨ هەوڵێکە تیایدا تاکی کورد دەیەوێت خۆی بە جیهان بناسێنێت و بە جیهان بڵێت بەڵێ منیش هەم.


بەڵام ئەگەر ڕاستگۆ بین لەگەڵ خۆمان دەبینین ئەم هەوڵانە زۆر بچووکن و بەس نین. پێویستە ئێمە زیاتر ئامڕازەکانی نەرمەهێز بەکار بهێنین بۆ بەهێزکردنی نەتەوەکەمان. ئێمەی کورد دەتوانین بەرهەمگەلێکی ناماددی خۆمان ئاڕاستەی دەرەوە بکەین. مەرج نییە داهات هەر تەنها ماددی بێت. بگرە لە ئێستادا زۆرترین داهاتەکان لەسەر شمەکگەلێکی ناماددی دەستەبەر دەکرێن. — پێویستە کورد زیاتر وەک فیلمی ١٩٨٨ بەرهەمەکانی بە جیهان ئاشنا بکات. لە ڕێگەی سینەما و هونەر و شیعر و نووسین و هەموو ئامڕازەکانتی گەیاندن.


بۆ ئەوەی لە جیهاندا جێگامان دیار بێت پێویستە کەلتووری خۆمان بە جیهان ئاشنا بکەین. نەک هەر هی ئەوان بۆ خۆمان ببەین.


عەلی ئەحمەد

٣ی ١١ی ٢٠٢٣






تعليقات