پەڕەی سەرەكی

پلاتفۆڕمەكان

پارتایەتی، شێرپەنجە سامناکەکەی دۆزی کورد

پارتایەتی، شێرپەنجە سامناکەکەی دۆزی کورد



دروستبوونی یەکەم پارتی سیاسی. مێژووەکەی بۆ ساڵی ١٦٨٧ دەگەڕێتەوە کە لە شانشینی بەڕیتانیا پارتێک بە ناوی (پارتی ڕاستڕەوی بەڕیتانی) دروست بوو کە لەسەر بنەمای دژایەتی کردنی ئەرسۆقراتیەت و گەڕاندنەوەی مافی هاوڵاتیان کاری دەکرد، ئەڵبەت دروستبوونی ئەو پارتە سودێکی زۆری بۆ هاوڵاتیانی بەڕیتانیا هەبوو و چەندین ئامانجی گەورەی پێکا، کە یەکێک لە دەستەکەوتەکانی لەناوبردنی دەسەڵاتەکانی پاشا جەیمزی دووەم بوو.


لەسەرەتای دروستبوونی پارتی سیاسی لە کوردستان ناکۆکی و ململانێ و تەسفیەکردن زیاتر پەرەسەی سەند، ئەڵبەت دروستبوونی پارت لە کوردستان سودی نەتەوەیی و سیاسی خۆی هەبووە، بەڵام بەراورد بە کێشەو گرفتەکان و شەڕی براکوژی و تیرۆر و تۆقاندن، ئەتوانین دروستبوونی پارت لە کوردستان بە سەرئێشە و کێشه لە قەڵەم بدەین.




دروستبوونی یەکەم پارت لە باشوور:

لە ساڵی ١٩٤٦ و دوای شکستهێنانی کۆماری مەهاباد 
پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق دروستبوو کە لەلایەن چەند ڕۆشنبیرێک و کەسانی نەتەوەیی و چەپ کە پێشتر خەباتیان کردبوو لە ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان(ئێران) و دروستبوو.

پارتی دیموکراتی کوردستان سەرکردایەتی چەندین شۆڕش و داستانی قارەمانانەی کردووە و ڕۆڵێکی ئێگجار مەزنی هەبوو لە شۆڕشی گەلی کورد.
شۆڕشی ئەیلول و داستانی هەندرێن نموونەی بەرچاوی ئەو سەرکەوتنانەیە کە ئەم پارتە شۆڕشگێڕیە بەدیهێنابوو.


باڵی جەلالی و باڵی مەلایی:



لە دوای قوڵبوونەوەی ناکۆکیەکانی نێوان ئیبراهیم ئەحمەد سکرتێری پارتی دیموکرات و مەلا مستەفا سەرۆکی پارتی دیموکرات، سەرئەنجام پارتی بووە دوو بەرە، بەرەی جەلالیەکان و بەرەی مەلایەکان، ئەمەش ڕێخۆشکەر بوو بۆ دوژمن کە نزیک بێتەوە لە تەسفیەکردنی پارتەکە، بەهۆی دروستبوونی ئەو دووبەرەیە کوردستانیش بوو بە دوو بەش.
ئەتوانین بڵێین سەرەتایی دروستبوونی دوو ئیدارەیی لەو سەردەمەوە دەست پێدەکات کە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان لەلایەن دوو ئیدارەی تەواو جیاوازەوە بەڕێوەدەبرا، ناکۆکی و ململانێی نێوان ئەم دوو باڵە ببووە هۆکارێک بۆ ئەوەی ڕێکخستن نەتوانێت دژی ڕژێمی داگیرکەری عێراق بوەستێتەوە، دەرئەنجامی ناکۆکی ئەم دووباڵەش خوێنێکی زۆر و سازشێکی زۆر بوو بۆ دوژمن.


دامەزراندنی یەکێتی نیشتیمانی و یەکگرتنی لەگەڵ کۆمەڵە:



لە دوایی بێهیوابوون لە سیاسەتەکانی مەلا مستەفای بارزانی و لێکتێنەگەیشتن لە نێوان دوو باڵەکە و شکستی شۆڕش، لە بەرواری ١ی حوزەیرانی ١٩٧٥ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دامەزرا. دروستبوونی یەکێتی نیشتیمانی هیوایەکی تری بە خەڵکی کوردستان بەخشی بەڵام لە هەمانکاتدا کوردستانی بە فەرمی کردە دوو بەرەی جیاواز.

لەگەڵ دروستبوونی یەکێتیدا چەند پارت و بەرەیەکی جیاواز هاتنە ناو ڕیزەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە، لەوانەش بزووتنەوەی سۆشیالیستی کوردستان و کۆمەڵەی ڕەنجدەران بوون کە ئەستێرەی شۆڕشی کوردی بوون و دەربێکی زۆر گەورەیان لە دوژمن دابوو.




جیابوونەوەی بزووتنەوەی گۆڕان لە یەکێتی:


لە دوایی دروستبوونی قەوارەی هەرێم و گەیشتنی پارتی و یەکێتی بە دەسەڵات و کۆتاییهاتنی شەڕی براکوژی، نەوشیروان مستەفا کە سەرکردەیەکی دیاری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بوو هەوڵی گۆڕینی یەکێتی نیشتیمانی دا، ئەڵبەت نەوشیروان مستەفا کەسێکی ڕیفۆرمخواز بوو و دەیویست گۆڕانکاری بکات لە نێو ڕیزەکانی یەکێتیدا. بەڵام هەوڵەکانی شکستی هێنا. سەرئەنجام لە ساڵی ٢٠٠٦ وازهێنانی خۆی لە یەکێتی ڕاگەیاند و دەستی کرد بە کاری ڕاگەیاندن، ڕۆژنامەی ڕۆژنامە و ماڵپەڕی سبەی و کەناڵی (کەی ئێن ئێن)ـی دامەزراند.


لە ساڵی ٢٠٠٩ نەوشیروان مستەفا و هاوڕێکانی لیستێکی نوێیان بەناوی گۆڕان دروستکرد لەپێناو گۆڕانکاری کردن لە دەسەڵات و گەیشتنی بزووتنەوەکە بۆ دەسەڵات.
لیستی گۆڕان توانی ڕکابەری لیستی کوردستانی بکات و دەنگێکی زۆر بەدەست بهێنێت.

درووستبوونی بزووتنەوەی گۆڕان لە کاتێکدابوو کە ناوماڵی کورد لە خۆڕێکخستنەوە و یەکگرتنەوەدا بوو، هەرێمی کوردستان لە ڕووی ئابوریەوە بوژانەوەی بەخۆیەوە بینیبوو بەڵام دروستبوونی بزووتنەوەکە هێندەی تر کوردستانی بەرەو لێواری مەرگ برد. 
ئەمەش ڕەنگە دروستبوونی بزوتنەوەکە بخاتە ژێر پرسیارەوە..



کوردستان و ئۆپۆزسیۆنی ساختە:

سەرەتایی دەرکەوتنی سەرۆکە ساختەکەی ئۆپۆزسیۆن بۆ ساڵی ٢٠١٧ دەگەڕێتەوە کە کەمپینی "نەخێر بۆ سەربەخۆیی کوردستان"ـیان ڕاگەیاندبوو و هەموو کارێکیان دەکرد بۆ ئەوەی دژی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان بوەستنەوە.

لە دوای شکستی ڕیفراندۆم و لە دەستدانی کەرکوک
سەرۆک و ئۆپۆزسیۆنە ساختەکەی بوون بە ئەستێرەیەکی دیار لە ململانێی سیاسی نێوخۆیی کوردستان، شکستی بزووتنەوەی گۆڕان و هێزە ئیسلامیەکان هێندەی تر ڕێخۆشکەربوون بۆ شاسوار عبدالواحید و لیستەکەی کە بتوانن زۆرترین کورسی بەدەستبهێنن لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان.

ئەڵبەت شاسوار عبدالواحید و جوڵانەوەکەی لە بەغداد کەمیان نەکرد بۆ کەم کردنەوەی دەسەڵاتی هەرێم و سوکایەتیکردن بە هێزی پێشمەرگە، چەندین سکاڵایان لە دادگای فێدڕاڵی عێراق تۆمارکرد لەسەر کوردستان
کە زەرەرێکی زۆری لە کوردستان دا، سیاسەتی جوڵانەوەی نەوەی نوێ مەترسیەکی گەورەی لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی هەرێمی کوردستان دروستکردووه بە خۆ لێکنزیکردنەوە لە پارتە عەرەبیە شۆڤێنیەکانی عێراق، کۆتا کاری جوڵانەوەکە ئەوەبوو کە دادگای فێدڕاڵی بڕیاری دا بەوەی دەسەڵاتی هەرێم کەمبکرێتەوە و بەغداد بتوانێ ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ پارێزگاکانی هەرێم بکات بێ گەڕاندنەوە بۆ هەولێر.




لە کۆتاییدا پەیامی کوردزاگ بۆ نەتەوەی کورد ئەوەیە کە چیتر مەبن بە داردەستی پارتە سیاسیەکان، کوردستان لە پێش حیزبایەتیەوەیە، حیزب یاخود پارت ڕێگایەکە بۆ خزمەتکردنی وڵات نەوەک وڵات و نەتەوە خزمەتی پارت بکات، مێژووی شەرمەزاری پارتە سیاسیە کوردیەکان هێنده زۆرە ناکرێت لە ڕاپۆرتێکی بچوکدا باس بکرێت، بۆیە پێویسته کوردانی نەتەوەیی و هاوڵاتیان وانە لە مێژوو وەربگرن و چیتر ڕێگەخۆشکەر نەبن و بۆ دروستبوونی ئینشیقاق و جیابوونەوه.


بابەتەکە ئاسانە: یان حیزب یان کوردستان؟!


نووسەر: شکار صابیر جیهان

تعليقات