پەڕەی سەرەكی

پلاتفۆڕمەكان

کوردستان لە نێوان دەسەڵاتی پشتاوپشت و دیموکراسیەت




لە دوای جیابوونەوەی باڵی جەلالیەکان و مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و دروستکردنی یەکێتی نیشتیمانی، کوردستانیەکان هیوایەکیان بۆ دروست بوو، ئەویش نەهێشتنی دەستی هۆز و بنەماڵەبوو لە بەڕێوەبردنی شۆڕش و دەزگا ڕۆشنبیریەکان و چەکداریەکان.

ئەڵبەت خودی دروستبوونی ناکۆکی لە نێوان ئیبراهیم ئەحمەد و بارزانی نەمر لەسەر حساب بۆ نەکردنی ئەندامانی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی بوو لەلایەن بارزانیەوە.

وەک ئیبراهیم ئەحمەد له بیرەوریەکانیدا باسی دەکات، تاکڕەویی و بەرژەوەندی تەسکی بنەماڵەیی باڵی بەسەر پارتیدا کێشابوو، تەنانەت بەپێی قسەکانی بێت بارزانی نەمر جێگرەوەی دوای خۆی دیاریکردبوو کە کێبێ و کێ نەبێت!
ئەمەش لایەنگرانی دیموکراسیەتی ناو پارتی بە ئێگجاری توڕە کردبوو، هەر بۆیە باڵی ئیبراهیم ئەحمەد جیابوونەوەی خۆیان ڕاگەیاند و بە چەند قۆناغێکی دوور و درێژ یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیان دامەزراند.

یەکێتی و هیوا نوێیەکەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان:

دامەزراندنی یەکێتی لەسەر بنەمای کاڵکردنەوەی هەژموونی بنەماڵە و هۆزە کوردیەکان بەردی بناغەی داندرا، کە ئەمەش بووە هۆکارێک بۆ ئەوەی لە ماوەیەکی زۆر کەمدا جەماوەرێکی گەورە بۆخۆی پەیدا بکات و یەکێتی توانی ببێتە بەرەیەک بۆ کۆکردنەوەی سەرجەم چین و توێژەکانی ناو کۆمەڵگە.



دروستبوونی هەرێم و بەدرۆ خستنەوەی دیموکراسیەت:

لە دوای دروستبوونی هەرێم وردە وردە پارتە سیاسیەکان ئەوەی ڕۆژێک لە ڕۆژان بانگەشەیان بۆ
کردبوو و شەڕیان بۆ دەکرد خۆیان کردیان.
دابەشکردنی پۆستە گرنگە حکومیەکان و سیاسیەکان دەرخەری ئەوەبوو کە ئەوەی پارتەکان کردبوویان بە مەبدەئی خۆیان جگە لە درۆ زیاتر هیچی تر نەبوو.


هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای دیموکراسیەتی ڕاستەقینە دروستبوو، بەڵام پراکتیزەکردنی سیاسیەتی بنەماڵەیی و دەسەڵاتی پشتاوپشت پرسیار لەسەر ئەو دیموکراسیەتە دروست دەکات کە بە زۆرینەی دەنگ و بە بڕیاری پەرلەمانی کوردستان هاتەبوون.


بەڕێوەبردنی شکستخواردوو:

بەپێی یاسا و دەستور پێویستە مافی بڕیاردان لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و دەزگا و بەرپرسە حکومیەکان بێت.
بەڵام سەرۆکایەتی حیزبەکان و منداڵ و نەوەی بەرپرسەکان هیچ بڕیاردانێکیان بۆ سەرۆکایەتی و دەزگا شەرعیەکان هەرێم نەهێشتووەتەوە کە چەندین نموونەی بەرچاو و قێزەونمان هەیە کە مرۆڤ بە بینینی دەتاسێت.


سوپا و هێزە سەربازی و ئەمنیەکان:

نهێنی سەرەکی مانەوەی هەر دەوڵەت و نیمچە دەوڵەتێک، بەهێزی و یەکگرتووی و یەکدەنگی هێزە سەربازیەکانە. جیا لەوەی کە پێویستە سوپا خاوەنی چەکی پێشکەوتوو و تاکتیکی سەردەمی جەنگ بێت.

پێویستە دەوڵەت(هەرێم) خاوەنی سوپایەکی سەرتاسەری بێت کە لەلایەن سەرۆکایەتی شەرعی وڵاتەوە ئاڕاستە بکرێت کە ئەویش سەرۆکی هێزە چەکدارەکانە.

بەڵام هەرێمی کوردستان کە خاوەنی هێزی پێشمەرگەیە، زیاد لە ٤٠٠ هەزار پێشمەرگەی هەیە کە دابەش دەبێت بۆ دوو هێز، ئەویش هێزەکانی (٧٠) و هێزەکانی (٨٠) سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەیە.

لێرەدا بابەتەکە ئاسانە کە سوپا دابەش بووە بەسەر دوو هێزی جیاواز و دوو پارتی ڕکابەری جیاواز.

ئەوەی کە بابەتەکە قوڵتر دەکاتەوە دابەش بوونی هەردوو هێزە لەناو یەکدا، کە ئەمەش سودێکی زۆری هەیە بۆ دوژمنانی کوردستان.

بۆ نموونە چۆن؟

لەناو هێزەکانی ٧٠دا چەند لیوایەک و چەند هێزێکی تایبەت بوونی هەبێ کە تایبەتە بە بەرپرسی حیزبی و لە هەمان کاتدا چەند فەوجێکی تایبەت هەیە بە عەشیرەت و سەرۆک هۆزەکان و کەسایەتی ئاینی و بەرپرسانی پارتە پاسیڤەکان.
لە هەمانکاتدا هێزەکانی ٨٠ بەهەمان شێوە دابەشبوونێکی زەق بەدی دەکرێت و فەوج فەوج یاخود پۆل پۆل هێزەکان دابەش کراون بەسەر نەوەی بەرپرس و بنەماڵەکانی نزیک لەو پارتە.


زیادبوونی هێزی ئەمنی و تایبەت:

بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایشی وڵات پێویستە هەمووکات هێزی پۆلیس بوونی هەبێت، کە هێزێکی دەستوری و یاساییە و ڕاهێندراون بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە مامەڵە لەگەڵ هاوڵاتیان بکەن و بەرگریان لێ بکەن، بەڵام جارێکیتر هەرێم لەمەشدا هەڵەی زەقی کردوو و ڕۆڵی پۆلیسی لاواز کردووە.

هەبوونی پۆلیس چارەسەرێکی باشە بۆ بەرقەرابوونی ئارامی لە وڵاتدا.
بەڵام هەرێمی کوردستان چەند هێزێکی ناپێویستی کردووە بە جێگرەوەی پۆلیس ئەویش لەپێناو بەرژەوەندی دەسەڵاتە.

لێرەدا دەمانەوێت سەرنج بخەینە سەر دەسەڵاتی پشتاوپشت هەر بۆیە بە وردەکاری باسی شکستی سەربازی و ئەمنی هەرێم ناکەین..


پارتی دیموکرات لەنێوان دیموکراسیەت و دەسەڵاتی پشتاوپشت:

دیموکراسیەت وشەیەکی یۆنانیە بە مانای "دەسەڵاتی گەل"دێت.
هەر بۆیەش شۆڕشگێڕان و ڕۆشبیران پێشنیاری وشەی دیموکراسیەتیان کرد بۆ پارتی، بەم شێوەیەش پارتی دیموکراتی کوردستان ناوەکەی چەسپی


لە دوای ئەوە پێویسته مرۆڤ ئەو پرسیارە بکات: ئایە پارتی هەر بە ڕاست دیموکراسیەته یاخود بنەماڵەیی و تاکڕەوی؟

وەڵام/ نەخێر، لە دیموکراسیەتدا دەسەڵاتی پشتاوپشت بوونی نیە، یاخود گەر بوونیشی هەبێ ئەوا هاوڵاتیان لە ڕێگەی دەنگدان و پڕۆسەیەکی دیموکراسی کەسەکان هەڵدەبژێردرێت، بەڵام سروشتی بنەماڵەی ناوبراو وایە کە قەداسەت و پیرۆزی لە خوێنی خۆیاندا دەبینن، هەر بۆیەش حکومڕانی و دەسەڵات بە مافی ڕەوای خۆیان دەبینن.

دەسەڵاتە پشتاوپشتەکە لە نەمرانەوه گوازرایەوە بۆ سەرۆک مەسعود بارزانی و پاشانیش بۆ مەسرور و دواتریش جیلی نوێی بارزانیەکان بەڕێز ئارین.

لە هەمانکاتدا دەبێ ئەوەشمان لەبیربێت کە بنەماڵەی ڕەوانشاد ئیدریس بارزانیش پشکی شێری هەیە لەو دەسەڵاتە پشتاوپشتەدا کە ئەویش بەهەمان شێوە لە نەمرانەوە بۆ ڕەوانشاد و لە ڕەوانشاد بۆ سەرۆک نێچیرڤان و لەویشەوە بۆ ئیدریسی بچووک.

ئەڵبەت جۆری دەسەڵات و چۆنیەتی وەرگرتنی لە بابەتێکی دیکەدا باسدەکەین کە مەحاڵە لە لاپەڕەدا جێگەی ببێتەوە، بۆیە هەوڵدەدەین کەم کەم و پەڕە پەڕە بینووسین.


یەکێتی نیشتیمانی و بنەماڵەیی:

وەک وتمان جیابوونەی باڵی ئیبراهیم ئەحمەد لە پارتی دیموکرات، ئەو پڕۆسە نادیموکراسیە و بنەماڵەییە بوو کە ببووە هۆکارێکی سەرەکی بۆ جیابوونەوە و دروستبوونی یەکێتی.

بەڵام پێش نەخۆشکەوتنی خوالێخۆشبوو جەلال تاڵەبانی هەمان سیستەمی پشتاوپشت جێبەجێکرا، کاتێ قوباد تاڵەبانی کوڕە بچوکی مام جەلال. پۆست و پلەی حیزبی وحکومی پێدرا و لاهور شێخ جەنگی برازای جەلال تاڵەبانیش بەهەمان شێوە لە دەسەڵاتەوە نزیککرایەوەو ئامادەکرا بۆ وەرگرتنی دەسەڵات.

لە هەمانکاتدا بافڵ تاڵەبانی لە ٢٠٠١ بەرەو سەرەوە خاوەنی دەسەڵاتێکی نیمچە ڕەهابوو لەناو یەکێتیدا و نزیکەی نیوەی فەرماندە سەربازیەکان لە ژێر هەژموونی ئەوبوون، هەر بەم شێوەیەش دژەتیرۆری یەکێتی دروستکرد و یەکەم کاری تیرۆرکردنی مەلا عەبدوڵای قەسرێ بوو.

لە ئێستاشدا ڕەوشی یەکێتی بەهەمان شێوەی پارتیە.
لەناو یەکێتیدا ئەوەی سەر بە بنەماڵەی تاڵەبانی بێت یاخود سەر بە بنەماڵەی ئیبراهیم ئەحمەد بێت، خاوەنی دەنگی سەرەتا و کۆتاییە.

لە هەمانکاتدا هەر دوو پارت بانگەشەی دیموکراسیەت دەکەن و لە میدیاکانیانەوە بە گوێی گەل دەڵێن، هەبوونی ئێمە واتە هەبوونی کوردستانێکی بەهێز.

لە کۆتاییدا هەبوونی دوو بنەماڵەی دەسەڵاتدار، ڕۆژ بە ڕۆژ کوردستان لاواز دەکات و هێندەی دیکە ڕووی ئەو دیموکراسیە ڕەش دەکات کە گوایە لەم هەرێمە بچووک و لەڕ و لاوازەدا بوونی هەیە.


تعليقات